کوردستان

دوایین زانیاری‌ له‌سه‌ر لیژنه‌كه‌ی‌ به‌غداد بۆ وردبینی‌ و خه‌رجكردنی‌ موچه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی‌

لیژنه‌كه‌ی‌ به‌غداد بۆ وردبینیكردن له‌ لیستی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی‌، له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ سلێمانی‌ و وردبینی‌ له‌ لیستی‌ مووچه‌ و میلاكاتدا ده‌كات. 

ساڵی‌ ڕبردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم ته‌نها نۆ چاره‌كه‌ مووچه‌ی‌ داوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ كۆی‌ گشتی‌ هه‌ر نۆ مووچه‌كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ سێ مووچه‌ی‌ ته‌واوی‌ بێپاشه‌كه‌وه‌ت، به‌وپێیه‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم له‌ كۆی‌ 12 مانگ ته‌نیا مووچه‌ی‌ 3 مانگیان وه‌رگرتوو، ئێستاش مووچه‌ خۆرانی‌ هه‌رێم چاویان له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندییه‌ و هیچ ئومێد و هیوایه‌كیان به‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ ته‌واویان بداتێ‌، یان ته‌نانه‌ت چاره‌كه‌ مووچه‌ش له‌ كاتی‌ خۆیدا بدات.

ئه‌مانه‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ن كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌به‌غداوه‌ ڕای سپاردون وردبینینی‌ له‌موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ ته‌ندروستیدا بكه‌ن، دوای‌ هه‌فته‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی‌ سلێمانیان كرد، له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌دا لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ وردبینی‌ بۆ لیستی‌ مووچه‌ و میلاكات بكه‌ن. 


لیژنه‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 10 كه‌س، دوانیان له‌ قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ سه‌رقاڵی‌ وردبینین و چواریان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ سلێمانی‌ و چواری تریان وردبینی‌ له‌ لیستی‌ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستیدا ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌رچی‌ هیچ كامێك له‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بۆ ده‌زگاكانی‌ ڕاگه‌یاندن بده‌ن، به‌ڵام KNN له‌ زاری‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیوه‌ كاری‌ وردبینیه‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت و دواتر لیژنه‌كه‌ راپۆرتێك ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقی‌ ده‌كه‌ن بۆ په‌سه‌ندكردن و بریاردان له‌سه‌ری‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە3890