کوردستان

رەنگە هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین سەربكێشێت بۆ گۆڕینی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

10 رۆژە هێرشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە بۆسەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە، تاكو ئێستاش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێكی روون و راشكاوی لەبەرامبەر توركیا نەبووە. میدیاكانی جیهانیش بەو رووداوەوە سەرقاڵن و چاودێرانی سیاسیش پێشبینی بۆ ئەگەر و دەرەنجامەكانی دەكەن.

پرۆفیسۆر گارس ستانسفیڵد شارەزا لە سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی گاردیەن بڵاویكردوەتەوە نوسیویەتی، پێدەچێت دەرئەنجامەكانی شەڕی عەفرین بەرەو گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە سەر بكێشێت ، ئەو پێیوایە رەنگە كوردەكان خۆیان وەك داشی دامەی دەسەڵاتدارانی خۆئاوا ببینن، هەركات خۆرئاوا پێویستی پێیان بێت دۆستیانەو ئەگەریش لەگەڵ بەرژەوەندیەكانیاندا یەكیانەگرتەوە وەلادەنرێن. 

ستانسفیڵد دوو نمونەی نزیك دەهێنەێتەوە سەبارەت بە هێزی پێشمەرگەی باشور و یەكینەكانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە رۆژئاوا كە هەردوولایان هاوپەیمانی ئەمریكا بوون لە شەڕی داعشدا، بەلام ئەمریكا چۆن دوای ریفراندۆم پشتی لە كوردی باشور كرد ، بەو چەشنە ئاسان نەبێت پشت لە كوردە هاوپەیمانەكانی سوریای بكات. ئەو دەڵێت ئێستا ئەمریكا لە دوو رییانێكدایە، لە لایەك لە نیگەرانییەكانی توركیای هاوپەیمانی ناتۆی تێدەگات كە لەپێناو چیدا هیرشدەكات و لە لایەكی دیكەشەوە پشتیوانی لە هاوپەیمانە كوردەكانیشی لە رۆژاوا، هەڵبژاردنێكی سەختیان بۆ ئەمریكا هێشتۆتەوە.

لە درێژەی وتارەكەیدا نوسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەرخودانی كوردەكانی رۆژئاوا بەهۆی داستانی كۆبانییەوە لەسەر ئاستی جیهان وەك سپارتای خۆرهەلاتی ناوەراست تەماشا دەكرێت و بە گومانەوە ئەروانێتە سەركەوتنی توركیا لە شەری عەفریندا، بەلام لە ئەگەری سەركەوتنیشیدا  توركیا كە هێشتا برینی كودەتاكەی تەموزی ساڵی 2016 سارێژ نەبووە، بەم شەڕە خوێناویەشی زیاتر وەك دەوڵەتێكی ناسیۆنالیست و دژە كورد دەردەكەوێت. ئەمەش وادەكات هەستی ناسیۆنالیستی سەرەتا لە نێو كوردی توركیا و دواتریش لە ناو كوردەكانی عێراق و ئێران پەرەبستێنێ و شۆڕشی كوردی هەرچوار پارچە لە پێناو عەفرین و پشتكردنە هاوپەیمانەكانی خۆرئاوا بە دوور نەزانرێت. ئەوەش پەلدەكێشێت بۆ گۆرینی نەخشەی ناوچەكە .

نوسەر لە لایەكی دیكەوە ئاماژە بۆ روسیا دەكات كە دۆخی سوریا دەرفەتی پێشێلكردنی پەیوەستبونی بە ناتۆوە رەخساندوە و وادەردەكەوێت كە هاوكاری توركیا بكات بۆ هێرشەكانی سەر عەفرین، لە بەرامبەردا بتوانێت ئاسمانی توركیا بەكاربهێنێ و وا لە توركیا بكات ئیدانەی هەوڵەكانی ئەمریكا بكات لە پرچەككردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل - یەپەگە.

 ململانێی نێوان ئەمریكا و توركیا وەك دوو ئەندامی سەرەكی ناتۆ و روسیا لە ناوچەكەدا رەنگە بە دەرئەنجامێكی خوێناوی كۆتایی بێت. 

لە كۆتایی وتارەكەیدا نوسەر دەڵێت روداوەكانی عەفرین رەنگە بە تەنها پەیوەندی بە ئایندەی كوردی سوریاوە نەبێت، بەڵكو پێدەچێت گۆرانكاری بەسەر ناوچەكەدا بێنێت بەتایبەت توركیا و عێراق و ئێران. پرسیارێكی سەختیش بۆ ولاتانی خۆرئاوا بەجێدێڵێت كە ئایا ئەوان دەیانەوێت چی لە خۆرهەلاتی ناوەراست بەدەستبێنن؟؟ جێگیریی و ئاشتی و دیموكراسی ؟؟؟ بەڵام چۆن؟ پێویستە وەڵامەكە لای ئەوان بێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە12324