کوردستان

عەفرین: هێرشەكانی توركیا زیانی زۆری بە ژینگە و شوێنەوارە مێژووییەكان گەیاندووە

هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان زیانی زۆری بە ژینگەی ناوچەكە گەیاندووە، فڕۆكەكانی توركیا هێرشیانكردە سەر بەنداوی 17ی نیسان و بەشێك لە پەرستگایەكی مێژوویشیان وێرانكردووە.

هێرش و پەلاماری سوپای توركیا بۆ سەر كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان تەنها مرۆڤەكانی نەكردوەتە ئامانج بەڵكو ژینگەی رۆژئاوای كوردستانیش بەشێكە لە ئامانجی فڕۆكەكانی ئەنكەرە.

بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ فڕۆكەكانی توركیا  بەنداوی 17ی نیسانیان لەسەر ڕووباری عەفرین بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە زیانی بەركەوتووە.

بەنداوی 17ی نیسان دەریاچەیەكی لەسەرە كە بەناوی دەریاچەی مەیدانكێ ناوبانگی دەركردووە و ڕووبەرەكەی 14 كیلۆمەترە و بەرزیەكەی 80 مەترە و ئاوەكەی بۆ كشتوكاڵكردنی دەشتی عەفرین بەكاردەهێندرێت، ئەگەر بەنداوەكە بەتەواوەتی هەرەسبهێنێت زیانێكی زۆر بە چەند ناوچەیەكی دەوروبەری دەگەیەنێت.

بەرێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و مۆزەخانەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند فڕۆكەكانی توركیا بەشێك لە پەرستگای مێژووی عەین دارە عەریق یان لەناوبردووە.

بەیاننامەكە داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان كردووە هێرشەكەی ئەنكەرە ئیدانەبكەن و فشار دروست بكەن بۆئەوەی توركیا جارێكی تر هێرشی هاوشێوە نەكاتە سەر ناوچە شوێنەوارییەكانی عەفرین.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە ئەو هێرشە ئاستی دوژمنكاری و رق و وەحشیگەری رژێمی توركیا دەردەخات.

هێرشەكەی سوپای توركیا بۆ سەر ئەو ناوچە شوێنەوارییە لە كاتێكدایە هیچ ئامانجێكی سەربازی تێدانەبووە و  ئەو پەرستگایەش تاكە شوێنی مێژوویی نیە كە ڕووبەڕووی هێرشی توركیا بوەتەوە.

عەین دارە شارێكی مێژووییە و بەدووری 5 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری شاری عەفرین و مێژووەكەی بۆ بۆ هەزار و 200 ساڵ   بۆ 700 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە..


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە2037