کوردستان

سبەینێ‌ كۆنگرەی سۆچی دەست بەكارەكانی دەكات

بڕیار سبەینێ‌ لە شاری سۆچی لە روسیا كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا كە بە كۆنگرەی سۆچی ناسراوە دەست بەكارەكانی بكات، لە كۆی 1600  بانگهێشتنامەش كە ئاراستەی كەسایەتی و لایەنەكانكراوە، تا ئێستا بەرپرسانی كانتۆنەكانی خۆرئاوای كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشداری نەكردنیان لە كۆنگرەكە یەكلایی كردوەتەوە ، لە هەڵویستێكی چاوڕوان نەكراویشدا نەتەوە یەكگرتوەكان بەشداریكردنی لە كۆنگرەی سۆچی ڕاگەیاند.

رۆژی 29 و 30 ئەم مانگە شاری سۆچی دەبێـتە وێستگەیەكی تری گفتوگۆكردن لەبارەی داهاتووی سوریا   كۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا كە بە كۆنگرەی سۆچی ناسراوە دەستپێدەكات.

كۆنگرەی سۆچی بەدەستپێشخەریی ڕوسیا و بە پیشتیوانیی ئێران و توركیا  بەڕێوەدەچێت،  ئامانج لێی گفتوگۆ و دانوستانی لایەنە ناكۆك و بەشەڕهاتوەكانی سوریایە.

بە وتەی بەرپرسانی مۆسكۆ، 1600 كەسایەتی بانگهێشتكراون بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی سۆچی بەڵام ئەوەی كە تائێستا ئاشكرایە بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كانتۆنەكانی خۆرئاوای كوردستان بەشداری لە كۆنگرەكەدا ناكەن و هۆكاری سەرەكی بەشدارنەكردنیشیان دەبەستنەوە بەلەشكركێشیەكی توركیا بۆسەركانتۆنی عەفرین.

هاوشێوەی هەڵوێستی كورد لە خۆرئاوای كوردستان  ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بڕیاری بایكۆتكردنی كۆنگرەی سۆچی یانداوە چونكە پێیانوایە ، كۆنگرەكە هەوڵێكە بۆ بێ‌ بایەخكردنی گفتوگۆكانی جنێڤ.

 لەبەرامبەریشدا روسیا لەبایەخی ئەو هەڵوێستەی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كەمكردەوە، ئاژانسی  هەواڵی سپۆتنیك لەزاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویكردەوە، بەشدارینەكردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هیچ كاریگەریەكی لەسەر بەڕێوەچونی كۆنگرەی سۆچی نابێت و كۆنگرەكە بەبێ‌ بەشداری ئەوانیش لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

لەبەرامبەریشدا بەشداریكردنی وەفدی حكومەتی سوریا یەكلایی بوەتەوە و ستیفان دیمستۆراش بە نوێنەرایەتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەشداری لەو كۆنگرەكەدا دەكات ، ئەوەش دوای ئەوە كە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێزی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان  لەلایەن روسیاوە دڵنیاكراوەتەوە كە كۆنگرەی سۆچی نابێتە  هۆی پەراوێزخستنی گفتوگۆكانی جنێڤ.

پێدەچێت هەوڵەكانی ڕوسیا بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆنگرەیە لە بەرژەوەندی حكومەتی سوریا  و بەشار ئەسەد بێت، چونكە بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا لە رەشنوسی بەیاننامەی كۆنگرەكەدا داوادەكرێت سوریا بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و ریفراندۆمێك سازبكرێت بۆئەوەی گەلی سوریا بڕیاری لە رێگەی دەنگدانەوە بڕیار لە داهاتووی دیموكراتی خۆی بدات.

سبەینێ‌ سەركەوتن یاخود شكستی هەوڵەكانی ڕوسیا بۆ كۆكردنەوەی لایەنە بەشەڕهاتوەكانی سوریا لە ژێرچەتری كۆنگرەی سۆچی دەردەكەوێـت، بەڵام ئەوەی كە ئاشكرایە كۆنگرەكە نابێتەهۆی كۆتایی هێنان بە شەڕی حەوت ساڵەی ناوخۆی سوریا و دیمتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی كرملن، لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند كۆنگرەی  سۆچی بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی قەیرانی سوریا  گرنگە، بەڵام چارەسەری ئاشتیانەی قەیرانی سوریای لێناكەوێتەوە.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1911