کوردستان

هه‌رێم: لیستی‌ هاوبه‌شی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق كاردانه‌وه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌

ڕێبوار عه‌لی‌: ده‌بێت هیچ لایه‌نێك نه‌چێته‌ ژێرباری‌ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ شكسته‌كانی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ی‌ ئێستا ‌

پێكهێنانی‌ لیستی‌ هاوبه‌شی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراق كاردانه‌وه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌و به‌شێك له‌ چین و توێژه‌كان پێشوازی‌ لێده‌كه‌ن و به‌ پێویستی‌ ده‌زانن سیاسه‌تی‌ شۆڤێنیزمی‌ كوردی‌ تێپه‌ڕێنن و كار بۆ پێكه‌وه‌ژیان بكه‌ن, به‌شێك له‌ چاودێرانیش ده‌ڵێن ئه‌زمونی‌ شكستخواردووی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ كۆتایی‌ هاتووه‌ و نابێت هیچ هێزێك ببێته‌ هۆی‌ هه‌ستانه‌وه‌ی‌ ئه‌و حكومه‌ت شكستخواردووه‌ی‌ ئێستا.

له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ دوای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ لیستی‌  هاوبه‌شی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی‌ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان, به‌شێك له‌ ڕۆشنبیران و چاودێران و چالاكانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ و نوسه‌ران پێشوازی له‌و هه‌وڵه‌ ده‌كه‌ن و داوای فراوانكردنی‌ ئه‌و  ده‌كه‌ن, به‌شێك له‌ چاودێرانیش به‌پێویستی‌ ده‌زانن ئه‌و سێ‌ لایه‌نه‌ سیاسه‌تی‌ شۆفینیزمی‌ كوردی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ له‌و ناوچانه‌ تێپه‌ڕینن و كاربۆ پێكه‌وه‌ژیانی‌ پێكهاته‌كان بكه‌ن.

به‌شێك له‌ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن دوای‌ 27 ساڵ له‌ شكستی‌ حكومڕانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ و له‌ ده‌ستدانی‌ له‌ 51 % خاكی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و بێ موچه‌یی‌ و بێكاری‌ و هه‌ژاری‌, كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان بێنه‌ ده‌نگ و داوای‌ مافی‌ خۆیان بكه‌ن و له‌ڕێی‌ فشاری‌ مه‌ده‌نی‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ كۆتایی‌ به‌و ئه‌زمونه‌ شكستخواردووه‌ بێنن:

له‌ دوای‌ شكست و كاره‌ساتی‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر و له‌ده‌ستدانی‌ خاك و ئاسمانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان, هه‌موان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئێستای‌ هه‌رێم نه‌توانای‌ چاكسازی‌ هه‌یه‌ و نه‌شه‌رعیه‌تی‌ ماوه‌ تا بتوانێت گۆڕانكاری‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و حكومڕانیدا بكه‌ن, خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ دابڕاوه‌كانیش چاویان له‌هێزی‌ خاوه‌ن متمانه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانێت نوێنه‌رایه‌تیان بكات و جارێكی‌ تر به‌ته‌نها جێیان نه‌هێڵێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە2763