عێراق

عێراق: زیاتر لە 50 هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن تۆماركردووە

بەپێی بەدواداچونێكی KNN بۆ نەخشەی هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر لە 50 هاوپەیمانێتی ناوی خۆیان لە كۆمسیۆن تۆماركردوە، لەم هەڵبژاردنەدا مالیكی و عەبادی بە دوو لیستی جیاواز بەشداری دەكەن، عەمار حەكیم و ئەنجومەنی باڵا بە هەمان شێوە لیستی جیاوازیان هەیە، موقتەدا سەدریش لەگەڵ حزبی شیوعی هاوپەیمانێتی كردوە.


رۆژی پێنج شەممە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایی بە پرۆسەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان هێنا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران.

تائێستا كۆمسیۆن بە فەرمی ناو و ژمارەی كۆتایی هاوپەیمانێتییەكانی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی KNN كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەستیكەوتوە، بەشێوەیەكی گشتی 205 حزب مافی بەشداریان هەیە لە هەڵبژاردنەكەدا و لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان مۆڵەتیان وەرگرتوە، ئەو حزبانە دابەشبون بەسەر زیاتر لە 50 هاوپەیمانێتیدا و لە كۆمسیۆن ناوی هاوپەیمانێتییەكانیان تۆماركراوە.

هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق دو جۆرن، جۆرێكیان لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەشداری هەڵبژاردنەكە دەكەن، جۆرێكی تریان لەسەر ئاستی پارێزگا یان چەند پارێزگایەك بەشدار دەبن.

KNN بەدواداچونێكی بۆ شێوازی هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق كردوە، بەپێی ئەو بەدواداچونە، كورد بە لیستی جیاواز بەشداری دەكەن، بەڵام بۆ ناوچە دابڕاوەكان هاوپەیمانێتییەكی كوردی هەیە بەناوی هاوپەیمانی نیشتیمان و بە لیستێكی هاوبەش بەشداری دەكات.

هاوپەیمانی نیشتمان:
* پێكهاتووە لە: بزوتنەوەی گۆڕان- كۆمەڵی ئیسلامی- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
* ئەم لیستە هاوبەشە لە پارێزگاكانی كەركوك، دیالە و نەینەوا بەشداری هەڵبژاردن دەكات

جگە لە لیستی نیشتیمان كە لیستێكی كوردییە، لە كەركوك دو لیستی تر بەشداری هەڵبژاردن دەكەن كە بریتین لە:

هاوپەیمانێتی عەرەبی: 

* پێكهاتووە لە: گردبونەوەی كۆماری عێراق- حزبی حەقی عێراقی- حزبی حەل- یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان- جەماوەری نیشتمانی- كۆنگرەی نیشتمانی عێراق و چەند حزبێكی تر
* راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە دەكات


هاوپەیمانی بەرەی توركمانی كەركوك:

* هەموو حزبە توركمانەكان بەشدارن تێیدا
* ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی سەرۆكایەتی دەكات

لەسەر ئاستی عێراق لایەنە شیعەكان بە چەند لیستێكی جیاواز بەشداری دەكەن، دیاترین لیستی لایەنە شیعەكانی بریتین لەم لیستانە:

هاوپەیمانی  سەركەوتن و چاكسازی:

* حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات
* پێكهاتووە لە: خۆبەخشەكانی شەڕی داعش- ژمارەیەك كەسایەتی جۆراوجۆر
* هەموو پارێزگاكانی عێراق دەگرێتەوە


هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا:

* نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری سەرۆكایەتی دەكات
* پێكهاتووە لە: حزبی دەعوە- رەوتی وەسەتی موەفق روبەیعی- بزوتنەوەی نور- دوعاتی ئیسلام- رەوتی راپەڕین و گۆڕان- حزبی مەدەنی و چەند حزبێكی تر


هاوپەیمانی فەتح:
* هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر سەرۆكایەتی دەكات
* زۆربەی گروپەكانی سەر بەحەشدی شەعبی بەشدارن تێیدا لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی


لیستی رەوتی حیكمە:

* عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات و بە لیستی سەربەخۆ بەشداری دەكات
* دوای جیابونەوەی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی یەكەمجارە عەمار حەكیم بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری دەكات


هاوپەیمانی سائیرون:
* پێكهاتووە لە رەوتی سەدر و حزبی شیوعی و چەند لایەنێكی تر

لایەنە سوننەكانیش دابەشبون بەسەر چەند هاوپەیمانی و لیستێكدا، دیارترینیان بریتییە لە:

هاوپەیمانی نیشتمانی:
* ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات
* پێكهاتووە لە: چەند حزبێك، دیاترینیان حزبەكەی سەلیم جبوری و ساڵح موتڵەگە


هاوپەیمانی ئوسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر:

* ئەم هاوپەیمانێتییە لە ناوچە سوننە نیشنەكاندا ركابەری لەگەڵ هاوپەیمانێتییەكەی عەلاوی و جبوری و موتڵەگ دەكات


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە409