کوردستان

كه‌ركوك: بۆ دیاریكردنی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن پێكهاته‌كان له‌ رێككه‌وتن نزیك ده‌بنه‌وه‌

كوتله‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ دیاریكردنی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نزیك ده‌بنه‌وه‌، له‌حاڵه‌تی رێككه‌وتنی كوتله‌كانیش به‌بێ ئه‌ندامانی پارتی و یه‌كگرتوو كه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ناكه‌ن،  ده‌تواندرێت كاندیده‌كان دیاری بكرێن، و پۆسته‌ به‌تاڵه‌كان پڕ بكرێنه‌وه‌.

له‌دوای‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك و ئه‌نجامدانی‌ 2 كۆبونه‌وه‌، كوتله‌كان له‌هه‌وڵی‌ رێككه‌وتندان بۆ متمانه‌دان به‌ سه‌رۆكێكی‌ نوێ و پارێزگارێك بۆ شاره‌كه‌، ئه‌ندامێكی‌ لیستی‌ برایه‌تی‌ ده‌ڵێت:"كاندیدی‌ لیسته‌كه‌یان كه‌ رزگار عه‌لیه‌ بۆ پۆستی‌ پارێزگار ئاماده‌یه‌و چاوه‌ڕوانی‌ دوایین بڕیاری‌ كوتله‌ی‌ توركمانن كه‌ ئێستا له‌دیاریكردنی‌ كاندید بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن نزیكبونه‌ته‌وه‌"، ئه‌ندامێكی‌ كوتله‌ی‌ توركمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت:"به‌هێزترین كاندیدیان ته‌حسین كه‌هه‌یه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كه‌".

له‌دوای‌ رووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكته‌به‌ره‌وه‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك له‌ده‌ست راكان سه‌عید جبوری‌ له‌پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌بدایه‌، كوتله‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربونیان له‌و پۆسته‌و چونه‌ ژێر باری‌ داواكانی‌ كوردو توركمان مه‌رجی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئیداره‌ی‌ هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پارێزگاو قه‌زاوناحیه‌كان.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك له‌ 41 كورسی‌ پێكهاتوه‌و، لیستی‌ برایه‌تی‌ 26 كورسی‌ و توركمان 9 كورسی‌ و عه‌ره‌ب 6 كورسی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌كۆی‌ 26 ئه‌ندامی‌ لیستی‌ برایه‌تی‌ ته‌نها 14 ئه‌ندامی‌ ئاماده‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌و ده‌وامی‌ ئاسایی ده‌كات، به‌لاَم له‌حاڵه‌تی‌ رێككه‌وتنی‌ كوتله‌كانی‌ توركمان و عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ ئه‌و 14 ئه‌ندامه‌ی‌ لیستی‌ برایه‌تیدا، ده‌توانرێت ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌و پۆسته‌كانی‌ پارێزگارو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و جێگره‌كه‌شی‌ پڕ بكرێته‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1775