ته‌ندروستی

سلێمانی‌: پێشانگای‌ گیاده‌رمانی‌ و به‌رهه‌مه‌ سروشتییه‌كان كرایه‌وه‌

له‌ سلێمانی‌ چواره‌مین پێشانگای‌ ساڵانه‌ی‌ گیاده‌رمانی‌ و ڕووه‌كه‌ پزیشكییه‌كان كرایه‌وه‌, ئه‌ندامێكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕووه‌كناسانی‌ كوردستان ده‌ڵێت هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سه‌دان ڕووه‌كی‌ پزیشكی‌ به‌ڵام كار بۆ پاراستنیان نه‌كراوه‌. 

پێشانگایه‌ك له‌ سلێمانی‌, سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رهه‌م و ڕووه‌كه‌ پزیشكیانه‌ی‌ تێدا كۆكرایه‌وه‌ كه‌ ئێستا به‌شێك له‌ هاوڵاتیان وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشیه‌ جیاوازه‌كان به‌كاریده‌هێنن.

ئه‌مه‌ چواره‌مین پێشانگای‌ ساڵانه‌ی‌ گیاده‌رمانی‌ و به‌رهه‌مه‌ سروشتییه‌كانی‌, لقی‌ سلێمانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕووه‌كناسانی‌ كوردستان بوو, كه‌ ئامانج لێی‌ زیاتر ئاشناكردنی‌ گیا ده‌رمانی‌ و به‌رهه‌مه‌ ڕووه‌كیه‌ پزیشكییه‌كانه‌ به‌ هاوڵاتیان.

جه‌لال كه‌ریم, ماوه‌ی‌ 7 ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ به‌ كاركردن له‌ بواری‌ دروستكردن و فرۆشتنی‌ به‌رهه‌مه‌ ڕووه‌كیه‌ پزیشكییه‌كان به‌ڕێكردووه‌, له‌ ئه‌زموون و شاره‌زایی خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت, هه‌رێمی‌ كوردستان  ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ چه‌ندین گیای‌ ده‌رمانی‌ و ڕووه‌كی‌ پزیشكی‌.

ئه‌م خانمه‌, لێره‌ له‌م پێشانگایه‌ به‌دوای‌ ئه‌و ڕووه‌كه‌ پزیشكیانه‌دا ده‌گه‌ڕێت, كه‌ پێویستی‌ پێیه‌تی‌, وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت له‌ ته‌مه‌نی‌  20 ساڵیه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ هه‌موو جۆره‌ نه‌خۆشیه‌ك پشتی‌ به‌ ڕووه‌كه‌ پزیشكییه‌كان به‌ستووه‌.

له‌ كوردستاندا زیاتر له‌ 100 جۆر ڕووه‌كی‌ پزیشكی‌ هه‌ن, گرنگترین جۆره‌كانیشی‌ كه‌ هاوڵاتیان زۆر به‌ كاریده‌هێنن بریتین له‌ ڕازیانه‌ و جاتره‌ و نه‌عنا و گوڵه‌به‌یبون و مه‌رده‌قوش و چه‌ندین ڕووه‌كی‌ گیایی دیكه‌.وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ڕووه‌كناسانی‌ كوردستان ده‌ڵێت ڕووه‌كه‌ گیاییه‌كان لێره‌ خزمه‌تیان پێناكرێت و گرنگی‌ به‌ پاراستنیان نادرێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1352