کوردستان

به‌رپرسێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆڕك ئاشكرا ده‌كات

ئه‌مڕۆ برێت مه‌كگۆڕك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبوه‌وه‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، وشیار عومه‌ر ئه‌ندامی‌ ژوری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماتیه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
به‌ KNNی‌ راگه‌یاند: برێت مه‌كگۆرك پێی وتین له‌ واشنتۆنه‌وه‌ هاتووم بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ڕوون بێت، كه‌ ئه‌مریكا سه‌د له‌سه‌د دژی‌ ریفراندۆمه‌ له‌ 25ی‌ ئه‌یلولدا.

وتیشی : مه‌كگۆرك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆیان كردوه‌ ‌و ئاماده‌ن بۆ دامه‌زراندن ‌و دروستكردنی‌ چوارچێوه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا ‌و ئه‌م پرسه‌ش ده‌به‌نه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش ‌و هه‌فته‌ی‌ داهاتوو له‌نیویۆرك قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

وشیار ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێی وتون كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ‌و به‌ریتانیا له‌ به‌غدا تیمێك دروست ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو قه‌یران ‌و ناكۆكیه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێن ‌و گره‌نتی‌ هه‌بێت.

وتیشی: سێیه‌م په‌یامیش ئه‌وه‌بوو كه‌ ریفراندۆم له‌رێگه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ دوابخرێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە12412