وه‌رزش

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی گرنگترین یارییه‌كانی‌ ئه‌مشه‌وی‌ چامپیۆنس لیگ

هه‌ر له‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی‌ كۆمه‌ڵه‌كانی‌ چامپیۆنس لیگ، ئه‌مشه‌و چوار یاریی‌ تر به‌ڕێوه‌ده‌چێت, تیایدا به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ ئه‌ركێكی‌ قورسدا میوانداری‌ یۆڤانتۆس ده‌كات و سپۆرتینگ لیشبۆنه‌ش ده‌بێته‌ میوانی‌ ئۆڵمپیاكۆس, چێڵسی‌ و كاراباكای‌ ئازربیجانیش روبه‌روی‌ یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌, رۆما و ئه‌تله‌تیكۆمه‌درید یاریی‌ لوتكه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن.

ئه‌مشه‌و یارییه‌كانی‌ خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپا درێژه‌ی‌ ده‌بێت و له‌ كاتژمێر 9 و 45 خولی‌ شه‌ودا چوار یاریی‌ تر به‌ڕێوه‌ده‌چن.

له‌یه‌كه‌م یاریدا و له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ چواره‌مدا, یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ ئیسپانی‌ له‌ یاریگای‌ كامپ نوی‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ پێشوازی‌ له‌ یۆڤانتۆس ده‌كات.

به‌رشه‌لۆنه‌ راهێنانه‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجامدا و جگه‌ له‌ رافینا ئه‌لكانتارا و ئاردا توران و سێرجی‌ رۆبیرتۆ كه‌ پێكانیان هه‌یه‌ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی‌ تر له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ میسی‌ و سوارێز و دیمبلی‌ یاریزانی‌ نوێ ئاماده‌بوون, ئه‌مشه‌ویش به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ئیرنستۆ ڤاڵڤێردی‌ كه‌ یه‌كه‌م یارییه‌تی‌ له‌ چامپیۆنس لیگ له‌گه‌ڵ یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌, ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی‌ وه‌رزی‌ رابردوو له‌ خانمه‌ پیره‌كه‌ بكاته‌وه‌ كاتێك له‌ قۆناغی‌ چاره‌كی‌ كۆتایدا به‌و یانه‌یه‌ دۆڕاو كرایه‌ ده‌ره‌وه‌.

ماسیمیلیانۆ ئالێگریی راهێنه‌ری‌ یانه‌ی‌ یۆڤانتۆس به‌فه‌رمی‌ ناوی‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ جۆرجیۆ كیلینیی به‌رگریكار‌و ماندزۆكیچی‌ هێرشبه‌ری‌ له‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ سڕییه‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكیان به‌هۆی‌ پێكانه‌وه‌ به‌شداری‌ ناكه‌ن.
  ئه‌گه‌ری‌ به‌شداریكردنی‌ خزێره‌‌و ئه‌لێكس ساندرۆ‌و ماركیزیۆش زۆر كه‌مه‌ كه‌ ئه‌وانیش پێكانیان هه‌یه‌.

یه‌كێتیی‌ تۆپی‌ پێی‌ ئه‌وروپاش, دامیر سكۆمینای‌ سلۆڤینی‌ به‌ ناوبژیوانی‌ ئه‌م یارییه‌ دیاریكردوه‌.

له‌یاریی دوه‌می‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ چواره‌مدا،  سپۆرتینگ لیشبۆنه‌ی‌ پرتوگالی‌ ده‌بێته‌ میوانی‌ ئۆڵمپیاكۆسی‌ یۆنانی‌.
پێش یارییه‌كه‌ی‌ نێوانیان، سپۆرتینگ لیشبۆنه‌ رایگه‌یاند, ناوی‌ ئه‌دریان سیلڤا له‌ پێكهاته‌ی‌ یانه‌كه‌ بۆ چامپیۆنس لیگ نیه‌و ئه‌و یاریزانه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ به‌شداری‌ بكات, ئه‌ویش دوای‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هاوینه‌دا به‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ رێكاره‌ یاساییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ لیسته‌ر سیتی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 14 چركه‌، گواستنه‌وه‌كه‌ شكستی‌ هێنا.

یانه‌ی‌ ئۆڵۆمپیاكۆسی ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستی باشه‌و له‌ كۆی‌ سێ‌ یاریی‌ سه‌ره‌تایی‌ خولی‌ ناوخۆی‌ دوو بردنه‌وه‌و یه‌كسانبونێكی‌ هه‌یه‌و له‌ پله‌ی‌ دووه‌مدایه‌.

له‌ یارییه‌كیترداو له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ سێیه‌مدا, یانه‌ی‌ چێڵسی‌ ئینگلیزی‌ له‌ ئه‌ركێكی‌ ئاساندا و له‌ نێو یاریگای‌ ستامفۆرد بریج پێشوازی‌ له‌ كاراباكای‌ ئازربیجانی‌ ده‌كات.

چێڵسی‌ پاڵه‌وانی‌ وه‌رزی‌ رابردوی‌ پریمه‌رلیگ, بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ به‌ هێنانی‌ چه‌ند یاریزانێك تۆكمه‌ كردوه‌و هه‌ریه‌ك له‌ باكایۆكۆ و مۆراتا و درینكۆته‌ری‌ بۆ ریزه‌كانی‌ گواستۆته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ردا ماتیچی‌ به‌ سودی‌ مانچسته‌ر یونایتد له‌ده‌ستدا, بۆ یارییه‌كه‌ی‌ ئه‌مشه‌ویش تواناكانی‌ ئیدین هازاردی‌ بۆگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌كێكی‌ به‌هێزه‌ بۆ كۆنتی‌ راهێنه‌ر، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ له‌ روی‌ توانای‌ جه‌سته‌ییه‌وه‌ به‌ ته‌واوی‌ ئاماده‌ نیه‌ پێده‌چێت له‌ تایمی‌ دووه‌مدا بۆ چه‌ند خوله‌كێك یاریی‌ بكات.

له‌ یارییه‌كیتردا هه‌مان كۆمه‌ڵه‌دا رۆمای‌ ئیتاڵی‌ و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدی‌ ئیسپانی‌ یاریی‌ لوتكه‌ی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ سێیه‌م ئه‌نجامده‌ده‌ن.

له‌ راهێنانه‌ تایبه‌تیه‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدا, ئۆگه‌ستۆ فێرناندێز بینرا كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی‌ تر به‌شداری‌ كرد و بۆ یارییه‌كه‌ی‌ ئه‌مشه‌و ئاماده‌یه‌, ئه‌نتوان گریزمانیش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ دوو یاریی‌ راگیرابوو, سزاكه‌ی‌ كۆتایی‌ هات و ئه‌مشه‌و سه‌ركردایه‌تی‌ هێڵی‌ پێشه‌وه‌ی‌ یانه‌كه‌ی‌ دووه‌می‌ مه‌درید ده‌كات, چاوه‌ڕێش ده‌كرێت ڤێرسالیكۆ یاریبكات كه‌ له‌ یاریی‌ رابردوی‌ یانه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر ڤاله‌نسیا له‌ لالیگا به‌ هۆكارێكی‌ هونه‌ری‌ یارینه‌كرد.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1116