وه‌رزش

زانیاری‌ له‌سه‌ر یارییه‌كانی‌ ئه‌مشه‌وی‌ وه‌رزی‌ نوێی‌ چامپیۆنس لیگ

یارییه‌كانی‌ وه‌رزی‌ نوێی‌ خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپا ده‌ستپێده‌كات و له‌یه‌كه‌م رۆژیشدا, مانچسته‌ر یونایتد میوانداری‌ بازل ده‌كات و به‌نفیكا و سیسكا مۆسكۆ روبه‌ری‌ یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌, بایرن میونخیش پێشوازی‌ له‌ ئه‌نده‌رله‌خت ده‌كات و پاریس سانجێرمانیش بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ سێڵتیك گه‌شتی‌ سكۆتله‌ندا ده‌كات.

ئه‌مشه‌و له‌ده‌ستپێكی‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی‌ كۆمه‌ڵه‌كانی‌ خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئه‌وروپای‌ ناسراو به‌ چامپیۆنس لیگ, چه‌ند یارییه‌ك به‌ڕێوه‌ده‌چن و سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌ كاتژمێر 9 و 45 خوله‌كدا ئه‌نجامده‌درێن.

له‌ یه‌كه‌م روبه‌روبونه‌وه‌دا و له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ یه‌كه‌مدا, یانه‌ی‌ مانچسته‌ر یونایتد له‌ نێو یاریگای‌ ئۆڵدترافۆرد میوانداری‌ بازلی‌ سویسری‌ ده‌كات.

 مانچسته‌ر یونایتد ئێستا به‌ دۆخێكی‌ باشدا تێده‌په‌ڕێت و له‌ خولی‌ ناوخۆیشدا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ 10 خاڵ پێشه‌نگی‌ یانه‌كانی‌ گرتوه‌, بۆیه‌ ئه‌مشه‌ویش ده‌یه‌وێت ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ بۆ چامپیۆنس لیگ بگوازێته‌وه‌و به‌ بردنه‌وه‌ی‌ له‌ بازل زه‌نگی‌ مه‌ترسی‌ بۆ سه‌رجه‌م یانه‌كان لێبدات.

شه‌یتانه‌ سوره‌كان راهێنانه‌كانی‌ بۆ یارییه‌كه‌ی‌ ئه‌مشه‌و ئه‌نجامدا و خۆزیه‌ مۆرینیۆی‌ راهێنه‌ریش له‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ پێش یارییه‌كه‌ رایگه‌یاند, بریاریداوه‌ گۆرانكاری‌ له‌ هیڵی‌ به‌رگریدا بكات, به‌جۆرێك ده‌یه‌وێت پشو به‌ فیل جۆنز بدات و له‌ شوێنی‌ ئه‌و یاریزانه‌  به‌شداری‌ به‌ كریس سمۆلینگ بكات, هه‌روه‌ها ڤیكتۆر لیندلۆڤیش كه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م هاوینه‌دا كڕی‌ له‌ شوێنی‌ ئیریك بایلی‌ پاری پێبكات.

له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی‌ بازل هه‌رچه‌نده‌ له‌ خولی‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌ پله‌ی‌ سێیه‌مدایه‌ به‌ڵام تیپێكی‌ ئاسان نیه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌مشه‌و لانیكه‌م ته‌نیا خاڵێكیش بێت به‌رامبه‌ر شه‌یتانه‌ سوره‌كان به‌ده‌ستیبهێنێت.

به‌نفیكا پرتوگالی‌ و سیسكا مۆسكۆی‌ روسیش, یه‌كێكتر له‌ روبه‌روبونه‌وه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌نجامده‌ده‌ن.
 ئه‌م یارییه‌ تا راده‌یه‌كی‌ زۆر بۆ هه‌ردولا بۆ وه‌ك یه‌كه‌و هه‌ردولا له‌ خولی‌ ناوخۆیی‌ وڵاته‌كانیان ئه‌نجامه‌كانیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌, به‌جۆرێك به‌نفیكا له‌ پێنج یاریی‌ خوله‌كه‌ 13 خاڵی كۆكردۆته‌وه‌ له‌ پله‌ی‌ سێیه‌مدایه‌و سیسكا مۆسكۆش له‌ نۆ یاریی‌ خوله‌كه‌ 16 خاڵی‌ كۆكردۆته‌وه‌و پله‌ی‌ پێنجه‌می‌ گرتوه‌, بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌نفیكا تواناكانی‌ ئه‌لێكس گریماڵدۆی‌ بۆ گه‌راوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ پێكانه‌وه‌ مانگێك له‌ یاریگاكان دوركه‌وته‌وه‌.

له‌ یارییه‌كیتردا به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌مدا, یانه‌ی‌ بایرن میونخی‌ خاوه‌ن پێنج نازناوی‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ له‌ نێو یاریگای‌ ئالیانز ئه‌رینا پێشوازی‌ له‌  ئه‌نده‌رله‌ختی‌ به‌لجیكی‌ ده‌كات.

یانه‌ی‌ بایرن میونخ ده‌یه‌وێت ئه‌مشه‌و به‌رامبه‌ر ئه‌نده‌رله‌خت به‌ ئاستێكی‌ به‌رز ده‌ربكه‌وێت قه‌ره‌بوی‌ شكسته‌كه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ سێیه‌می‌ بۆندس لیگا كه‌ به‌رامبه‌ر هۆڤینهایم بكاته‌وه‌ و یه‌كه‌م سێ‌ خاڵی‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ له‌سه‌ر حسبای‌ ئه‌و یانه‌ به‌لجیكیه‌ به‌ده‌ستبهێنێت.

له‌ كۆتا یاریی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ دووه‌مدا, یانه‌ی‌ پاریس سانجێرمانی‌ فه‌ره‌نسی‌ گه‌شتی‌ وڵاتی‌ سكۆتله‌تدا ده‌كات و له‌ نێو یاریگای‌ سێڵتیك پارك ده‌بێته‌ میوانی‌ سێڵتیك.

یانه‌ی‌ پاریس سانجێرمان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ باشی‌ خۆی‌ بۆ یارییه‌كانی‌ سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتییه‌كان ئاماده‌كردوه‌و چاوی‌ له‌ بردنه‌وه‌ی‌ نازناوه‌كانه‌, هه‌ر بۆیه‌ چه‌ند گرێبه‌ستێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌نجامدا, یه‌كێك له‌وانه‌ كڕینی‌ نه‌یماری‌ به‌رازیلی‌ بوو له‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌و  گواستنه‌وه‌ی‌ كیلیان مباپێ‌ له‌ یانه‌ی‌ مۆناكۆ كه‌ به‌ خواستن گواستیه‌وه‌ بۆ ریزه‌كانی‌.

پاریس سان جێرمان له‌ خولی‌ ناوخۆی‌ فه‌ره‌نسا پێشه‌نگی‌ ریزبه‌ندی‌ گرتوه‌و له‌ كۆی‌ پێنج یاریی‌ سه‌رجه‌میانی‌ بردۆته‌وه‌و خاوه‌نی‌ 15 خاڵه‌, ئه‌مشه‌ویش جگه‌ له‌ ئه‌نخێل دی‌ ماریا كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی‌ توشی‌ پێكان بو سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی‌ تری‌ ئاماده‌ن.

یانه‌ی‌ سێڵیتیكش له‌ سه‌ره‌تای‌ وه‌رزی‌ نوێیه‌وه‌ به‌ ئاستێكی‌ به‌رزه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوه‌و له‌ خولی‌ ناوخۆی‌ وڵاته‌كه‌شی‌ له‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ریزبه‌ندیدایه‌, هه‌میشه‌ش له‌به‌رامبه‌ر تیپه‌ گه‌وره‌كان به‌ باشی‌ ده‌ركه‌وتوه‌و نایه‌وێت له‌ نێو یاریگاو به‌رده‌م هانده‌ره‌كانی‌ به‌ ده‌ستی‌ به‌تاڵ یاریگا به‌جێبهێڵێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە793