وه‌رزش

به‌رشه‌لۆنه‌ 112 ملیۆن یۆرۆی به‌س بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی چاڤی خه‌رج كردوه‌

یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ دوو وه‌رزی رابردودا بڕی 112 ملیۆن یۆرۆی له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانی هێڵی ناوه‌ڕاست خه‌رج كردوه‌ ته‌نیا له‌ پێناو پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی چاڤی هێرناندێز و تا ئێستاش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌، گواستنه‌وه‌ی پاوڵینیۆش دواین هه‌وڵی بلاوگرانایه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنی مایسترۆ.

له‌و كاته‌وه‌ی له‌ 21 ی ئایاری 2015 چاڤی هێرناندێز له‌ دوای‌ 17 وه‌رز یاریكردنی‌ له‌ كامپ نو به‌ درێسی بلاوگراناوه‌، بڕیاری به‌جێهێشتنی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی دا، ئه‌و یانه‌یه‌ وێڵه‌ به‌دوای شوێنگره‌وه‌یه‌كی به‌هێزی ئه‌و یاریزانه‌و به‌ بڕی 112 ملیۆن یۆرۆش گرێبه‌ستی نوێی له‌و پێناوه‌دا ئیمزا كرد، به‌ڵام هێشتا شوێنی مایسترۆ به‌ پڕنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه‌و یانه‌كه‌ش له‌ هه‌وڵه‌كان و خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی زیاتر به‌رده‌وامه‌.

چاڤی دوای به‌رزكردنه‌وه‌ی پێنجه‌م نازناوی‌ چامپیۆنس لیگ به‌رشه‌لۆنه‌ی به‌جێهێشت، له‌و كاته‌وه‌شه‌وه‌ به‌رشه‌لۆنه‌ نه‌یتوانیوه‌ قۆناغی‌ پێش كۆتایی چامپیۆنس لیگ ببینێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ یانه‌كه‌ خاوه‌نی ئینێستا و بۆسكێتس و راكیتچه‌ له‌ هێڵی ناوه‌ڕاستدا، به‌ڵام ئه‌و بۆشاییه‌ی مایسترۆ به‌جێی هێشت هه‌رماوه‌ته‌وه‌، به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵیدا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌، ئاردا تورانی‌ تروكی به‌ بڕی 34 ملیۆن یۆرۆ له‌ یانه‌ی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریده‌وه‌ هێنایه‌ ڕیزه‌كانییه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ك نه‌یتوانی‌ ببێته‌ شوێنگره‌وه‌ی چاڤی ته‌نانه‌ت له‌ پێكهاته‌ی‌ دوه‌میشدا به‌ یه‌ده‌گ یاریی ده‌كات و ئێستاش نزیكه‌ له‌ ده‌رگای پشته‌وه‌ یانه‌كه‌ به‌جێبهێڵێت.

وه‌رزی ڕابردوش یانه‌كه‌ دوو گرێبه‌ستی دیكه‌ی ئه‌نجامدا كه‌ یه‌كه‌میان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دێنس سوارێز بوو به‌ بڕی 3 ملیۆن یۆرۆ و گواستنه‌وه‌ی ئاندرێ گۆمێزی پۆرتوگالی بوو له‌ یانه‌ی ڤاله‌نسیاوه‌ به‌ بڕی 35 ملیۆن یۆرۆ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئه‌و دوو یاریزانه‌ی هیڵی ناوه‌ڕاست نه‌یانتوانی‌ سه‌ركه‌وتوو بن له‌ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی چاڤی هێرناندێز و نه‌یانتوانی‌ متامنه‌ی‌ راهێنه‌ریش به‌ده‌ستبهێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌دا جێیان بكاته‌وه‌.

به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ دواین هه‌وڵیدا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی مایسترۆ پاوڵینیۆی به‌رازیلی له‌ یانه‌ی گوانگزهۆ ئیڤه‌رگراندی چینییه‌وه‌ به‌ بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ گواستوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و گرێبه‌سته‌ش جێی دڵخۆشی هانده‌ران نییه‌و پێشبینی ئه‌وه‌ ناكه‌ن ئه‌و یاریزانه‌ ته‌مه‌ن 29 ساڵه‌ بتوانێت بۆشاییه‌كه‌ پڕ بكاته‌وه‌.

چاڤی هێرناندێز كه‌ ئێستا له‌ یانه‌ی سه‌دی قه‌ته‌ری یاریی ده‌كات، هێشتا په‌یوه‌ندییه‌كی رۆحی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی پێشووی ماوه‌و له‌ دوای‌ رۆیشتنی نه‌یمار داسیلڤا ره‌خنه‌ی توندی له‌ ده‌ستی كارگێڕی ئێستای یانه‌كه‌ گرت و به‌ خه‌وتوو وه‌سفی كردن، چونكه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ی نه‌یمار داسیلڤا سه‌ركه‌وتوو بن و له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانی نوێش بۆ ڕیزه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو بن.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1107